زانکۆی تیشک
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى:
“زانكۆی تیشک وەک زانكۆی سلێمانی لە پلەی یەكەمی عێراقە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێت، زانکۆى نێودەوڵەتیی تیشک، لە (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان 2026)ی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا، هاوشانی زانکۆی سلێمانی لە گرووپی ئەو سێ زانکۆیەدایە، کە پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق بەدەستهێناوە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی 10.10.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكات، پیرۆزبایی لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك دەكەن، كە لە (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان 2026)ی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا، هاوشانی زانکۆی سلێمانی لە گرووپی ئەو سێ زانکۆیەدایە، کە پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق بەدەستهێناوە بە پلەى (1001- 1200) لە کۆی (2191) زانکۆی ریزبەندکراوی جیهان.
“بەو بۆنەیەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى نێودەوڵەتیی تیشک دەکات و دووپاتیدەکاتەوە ئەم دەستکەوتەى زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک نیشاندەرى ئەو راستییە کە زانکۆکانى کوردستان بەگشتى و زانکۆکانى بەشدار لەم ریزبەندییە لە رێگەى توێژینەوە و کواڵێتى توێژینەوە و گواستنەوەى زانیارى و بەنێودەوڵەتیبوون، دەیانەوێت شوێنێکى باشتر لە نەخشەى ئەکادیمیاى جیهاندا دەستەبەربکەن”، راگەیاندراوەكەی خوێندنی باڵا واهاتووە.
هەروەها باسی ئەوە دەكەن، لە سەرانسەری عێراقدا 25 زانکۆ لەبەرئەوەی مەرجەکانی شیاوبوونیان تێدایە، ریزبەندییان بۆ کراوە، ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان پشت بە (18) پێوەر دەبەستێت و پێوەرەکانیش بۆ پێنج بواری سەرەکی دابەش دەبن کە بریتین لە (ژینگەی فێربون، ژینگەی توێژینەوە، کوالێتیی توێژینەوە، گواستنەوەی زانیاری، بەنێودەوڵەتیبوون).
دوێنێ زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بۆ جاری دووەم و لەسەریەک لە (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان 2026)ـی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆکانی سەرتاسەری عێراق بەدەستهێناوە و لە کۆی دوو هەزار و 191 زانکۆی ریزبەندیکراوی جیهان، پلەی 1001-1200ـی وەرگرتووە.