کارمەندێک خەریکی چێککردنەوەی بۆرییەکانی نەوتە لە بەندەری جەیهان. وێنە: Reuters
ئەگەر بەندەری جەیهان نەبێت
عێراق: سۆمۆ رێگەی دیکە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەدۆزێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
تورکیا بڕیاریداوە رێککەوتنی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق بۆ ساڵی 2026 نوێنەکاتەوە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، ئەگەر بەندەری جەیهانیش نەبێت، رێگەی دیکە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە.
دوێنێ بڕیارێکی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە رۆژنامەی فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە کە ئاشکرای دەکات رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، لە 27ـی تەموزی 2026 کۆتایی پێدێت.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لەو بارەیەوە بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی وت، میکانیزمی جێگرەوە هەیە، “بۆ نموونە، ئەگەر نەتوانرا نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت، ئەوکات ئەو بڕەی بڕیاری لەسەردراوە، دەدرێت بە سۆمۆ بۆ ئەوەی هەوڵبدات لە رێگەی دەروازەی دیکە هەناردەی بکات”.
بۆرى نەوتى جەیهانى تورکیا کە نەوتى عێراق دەگوازێتەوە بەم شێوەیە نەوتى بۆ دەچێت:
لە فیشخابوورەوە ، بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستانى پێوە لکێنراوە کە لە کێڵگەى خورمەڵەوە دەستپێدەکات.
هەر لە فیشخابوور، بۆرییەکى ترى پێوە لکێنراوە کە نەوتى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوکە و لە رێگەى نەینەواوە دەیبەستێتەوە بەو بۆرییە.