دیمهنێكی حاجیانى هەرێمی كوردستان - وێنه: 964
حەج و عومرە هەڵوەشانەوەی گەشتی راگەیاند
ئاسمان داخراوە؛ پێشنیار هەیە حاجیە کوردەکان بە سەیارە بێنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
گەڕانەوەی حاجیان دوادەکەوێ و گەشتی سبەینێی گەڕانەوەیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجام نادرێ، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، رەنگە بە رێگەی وشکانی حاجیان بگەرێنەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر ئاسمانی عێراق بە داخراوی بمێنێتەوە.
بەگوێرەی گەشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی بێت، سبەینێ شەممە دوو گەشتی گەڕانەوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر و دواتر سلێمانی ئەنجام دەدران، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی ئاسمانی عێراق، سەرجەم ئەو گەشتانەی هەڵوەشاندەوە و ئەنجام نادرێن.
کاروان ستوونی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی راگەیاندن لە حەج، ئەمڕۆ هەینی 13.6.2025 بە 964ی وت، ئەوان هەماهەنگی لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی بژاردەیەکی دیکە تاوتوێ بکەن، تا حاجیان بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هاتوو بۆ ماوەیەکی زۆر بە داخراوی ئاسمانی عێراق مایەوە.
ئەو وتی، پلانی بردنی حاجیان بۆ سعودییە و گەڕانەوەیان زۆر سەرکەوتوو بووە، ئەوەش هاندەر دەبێ، بۆ ئەوەی ئەو بژاردە جێبەجێ بکەین، لە حاڵێکدا بڕیار بوو لە 14 بۆ 20.6.2025 سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، جیاواز لە رێگە وشکانی.
لەبارەی ئەو حاجیانەی کە بە رێگەی وشکانی، دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان ئەو وتی، هەزار و 636 حاجیانی پارێزگاکانی، سلێمانی و هەڵەبجە وە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین ئیوارەی ئەمڕۆ دەگەنەوە هەرێمی کوردستان، وە 951 حاجی هەولێر، دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ ئێستا لە شاری مەدینە و ئەوانیش ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە.