بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی964 زیادیکردووە
جوتیار عادل: توانیومانە 16٪ـی تێچووی نەوت کەمبکەینەوە
+964
فەهمی نەبی
حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێ بۆ یەکەمجارە لە کابینەی نۆ، توانراوە بە رێژەی 16٪ـی تێچووی دەرهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە، بەڵام داتاکانی بەراوردی سێ مانگی دوو ساڵ بەیەکەوە دەریدەخات تێچوەکەی زیادیکردووە.
کۆمپانیای دیلۆیت لەسەرەتای ئەم هەفتەیە راپۆرتی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی فرۆشتنی نەوتی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکەش بێت یەک ملیار و 261 ملیۆن و 934 هەزار و 269 دۆلار خەرجی پرۆسەی نەوت بووە.
بەپێی بەراوردی ئاماری سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2021 بێت، کە بەهەمان شێوە لە لایەن کۆمپانیای دیلۆیت بڵاوکراوەتەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەو سێ مانگە، ملیارێک و 25 ملیۆن و 702 هەزار و 45 دۆلار بووە.
بەڵام بەپێی بەراوردێکی تۆڕی964 بێت، ئەوا خەرجییەکە زیادیکردووە، بەجۆرێک لەو سێ مانگەی ساڵی 2022 خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت 236 ملیۆن و 232 هەزار و 224 دۆلاری زیاتر بووە لەگەڵ ساڵی پێش خۆی.
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا جوتیار عادل دەڵێت “رۆژی یەکشەممە شاندی هەرێم جارێکی دیکە دەچێتەوە بەغدا، هەنگاوی باش نراون”.
جوتیار عادل، لەکۆنگرە رۆژنامەنوسیەکە ئەوەش دەڵێت ئەوان لەم کابینەیە توانیویانە موچەی هەزاران بندیوار ببڕن، پلەی وەزیفی بە خەڵکانێک دراوە کە رۆژێک ئەو پۆستانەیان نەبینیوە، بەگوتەی ئەو ئەو پلانە لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە.
بەپێی بەراوردی ئەو سێ مانگە بێت تێچووی نەوت زیادیکردوە، بەجۆرێک لەو سێ مانگەی ساڵی 2022 خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت 236 ملیۆن و 232 هەزار و 224 دۆلاری زیاتر لەگەڵ ساڵی پێش خۆی.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 16.2.2023 سێ تەوەری کاری حکومەتی هەرێمی باسکرد کە لە ماوەی یەک هەفتە زەقترین چالاکی کار بوون، ئەوانیش چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ فەرەنسا و راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت.
لەبارەی کێشەکانی نێوان ستافی یەكێتی لە حکومەت، وتەبێژی حکومەت وتی “ئەوانەی ناڕازین، رێگری دەکەن لەوەی حکومەت هێز بنێرێتە سنوورەکان تا بەر بگیرێت لەهێنانی خواردنی قاچاخ، کەس نازانێ داهاتی سنووری ئەو دەروازانە چی لێدێت، لەسەر ئەو بابەتانەیە ئەو برادەرانە ناڕازین”.
هەرەوەها لەبارەی ناوی ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە دۆلاریان ناردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، وتەبێژی حکومەت دەڵێت “لە هەرێمی کوردستان گواستنەوەی پارە لەلایەن ئەو بانکانە کراوە کە لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندین”.