پۆلیسی زاخۆ وادەڵێت

لەسەر گیان لەدەستدانی ژنەکەی زاخۆ کەمتەرخەمەکان دەدرێنە دادگا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی زاخۆ کە بەهەڵە خوێنی تێکرابوو پۆلیسی زاخۆ دەڵێت سەرجەم ئەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون لەو لەیسەدا دەدرێنە دادگا.

روژی پێنجشەمە 1.5.2025 ژنێکی تەمەن 38 ساڵان بەمەبەستی نەشتەرگەری منداڵبوون گەیندڕایەوە نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ، لەکاتی نشتەرگەریەکەیدا پێویستی بە دوو بوتڵی خوێن بوو لەجوری +B، لەتاقیگە و بانکی خوێنی زاخۆ بەهەڵە بوتڵێکی جوری +A لەگەڵ +Bـەکە دابوویان بەو ژنە و  دوای نەشتەرگەریەکە زانیان ئەو هەڵەیان کردووە.

دوای نیو کاتژمێر لە نشتەرگەریەکە، دۆخی تەندروستی ژنەکە تێکدەچێت و بەدرێژایی 17 روژ بەهۆی ئەو هەڵەیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکەکاندا بووە و دوێنێ گیانی لەدەستداوە.

ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964ـی وت، دادوەر و داواکاری گشتی ئەم دوسیەیان جوڵاندووە و هەموو ئەو کارمەند و پزیشکانەی کەمتەرخەم بوون لەم بابەتەدا دادگایی دەکرێن.

ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە خاوەنی شيش منداڵە و ئەم نەشتەرگەرییەی بۆ منداڵی حەوتەم بووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی