چاوەڕوانی وەرزشوانان کۆتایی دێت
پاش چەندین ساڵ چوار یاریگای تۆپی پێ لە خانەقین دروست دەکرێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ساڵانێکە وەرزشوانانی خانەقین چاوەڕێی دروستکردنی چوار یاریگان لە خانەقین، بەڵام قەیرانی دارایی و ناڕەزایەتی حکومەتی عێراق رێگربوون لە دروستکردنیان و لە کۆتاییدا خەریکە چاوەڕوانییەکان کۆتاییان دێت و بەمزووانە دەبن بە خاوەنی دوو یاریگا و دووانەکەی دیکەش کاریان بۆ دەکرێت.
ئەندازیار سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانی خانەقین سەر بە حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت، لە ساڵی 2013 بڕیار وابوو حکومەتی هەرێم چوار یاریگا لە سنووری قەزای خانەقین دروستبکات، کە دوویان بۆ ناحیەی سەعدیە و دووانەکەی دیکەشیان بۆ ناحیەی جەلەولا بوون، بەڵام ئەو کاتە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.
وتیشی، لە ساڵی 2017 پاش چەند هەوڵێک بڕیاردرا ئەو یاریگایەنە لە خانەقین دروست بکرێن، بەڵام ئەمجارەیان شارەوانی خانەقین سەر بە حکومەتی فیدڕاڵ رێگریان کرد و ئەم پڕۆژەیەیان دواخست.
باسی لەوەشکرد، ئێستا دوای نزیکەی هەشت ساڵ رەزامەندی لەسەر دروستکردنی دوو لەو یاریگایانە دراوە و کاریان تیادا دەکرێت، و دوو دانەی دیکەشیان بڕیارە بەم نزیکانە رێکارەکانیان تەواو بکرێت.
ئەم چوار یاریگایە بە خۆڕایی دەبێت بۆ یاریزانان و بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ هەر یاریگایەک 300 ملیۆن دینارە، پڕۆژەکە یاریگایەک و بینایەیەک بۆ خۆ ئامادەکردن لەخۆ دەگرێت، کە دەکەونە ناوچەکانی؛ ئەرکەوازی، حەی عەسکەری و سیروان و دانەیەکیشیان لە گوندی ئەمین باپیر دەبێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر