هه‌ولێر به خراپی دۆڕا و راهێنه‌ره‌كه‌شی ده‌ستی له كاركێشایه‌وه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
له خولی نایابی عێراق یانه‌ی هه‌ولێر به ئه‌نجامێكی قورس له یاریگاى خۆیدا به یانه‌ی سناعه دۆڕا، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه راهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.
كه‌مێك پێش ئێستا یاری نێوان هه‌ولێر و سناعه له گه‌ڕی 15ی خولی نایابی عێراق له یاریگای فرانسۆ هه‌ریری له هه‌ولێر كۆتایی هات، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، هه‌ولێر به ئه‌نجامی 0-4 گۆڵ به یانه‌ی سناعه دۆڕا.
ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه، هیشام ئه‌حمه‌د بوو، كه هه‌ر چوار گۆڵی یانه‌ی سناعه‌ی “سوپهرهاتریك” تۆمار كرد.
دوای یارییه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له یانه‌ی هه‌ولێر به تۆڕی 964ی وت، غازی فه‌هد راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی له كار كێشایه‌وه”.
هێشتا یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م زانیارییه‌ی به فه‌رمی رانه‌گه‌یاندووه.
ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، له باره‌ی ئه‌نجامی یارییه‌كه‌وه بۆ تۆڕی 964 وتی، “تیپه‌كه‌مان داڕووخاوه و خۆشمان نازانین هۆكاری ئه‌م ئه‌نجامه چییه”.
سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ی راهێنه‌ریش، ئیبراهیم قادر هیچ شتێكی فه‌رمی له‌لا نه‌بوو.
هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای گۆڕانكاری له ریزه‌كانیدا و گواستنه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانێكی دیكه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی باش نین و ئێستا به 13 خاڵ له پله‌كانی كۆتایی ریزبه‌ندییه.
جێی ئاماژه‌یه هه‌ر له یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ولێر و سناعه، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر “جه‌رجیس” به هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستییه‌وه له كۆتایی گێمی یه‌كه‌مدا به ئه‌مبۆلانس گواسترایه‌وه نه‌خۆشخانه.