نزیکەی سێ هێندە بەرزبووەتەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیادی کردووە

شۆڕش قادری

داهاتی نانەوتی ئه‌م هەفتەیه‌ى هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە 12 ملیار و 290 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو، نزیکەی سێ هێندە بەرزبووەتەوە.

به‌پێی داتای ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 21.12.2024 تا ئەمڕۆ هەینی 27.12.2024 بڕی 12 ملیار و 290 ملیۆن و 505 هەزار و 186 دینارە، ئەوەش لەکاتێکدایە داهاتەکە لە هەفتەی پێشوودا چوار ملیار و 724 ملیۆن و 516 هەزار و 810 دینار بوو.

بەپێی داتاکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 10 ملیار و 353 ملیۆن و 804 هەزار و 286 دیناری بەشێوەی نەختینە و بڕی یەک ملیار و 936 ملیۆن و 663 هەزار و 650 دیناریشی چەکە.

ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

ئەو بڕە داهاتە لەمانەوە بەدەستهاتوون: دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگە ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان.