لەبارەی رووداوەکانی سوریاش قسەیان کرد
سەرۆکی هەرێم و وەزیری بەرگری هۆڵەندا باسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان کرد
964+
شۆڕش قادری
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگری هۆڵەندا باسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان کرد و هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و رووداوەکانی سوریا، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23.12.2024 روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر و پێشوازێکردنی لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، “لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و راهێنانی سەربازی، تاوتوێ کراون”.
هاوکات، هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوکە، نێچێرڤان بارزانی و روبن بریکلمانس باسیان لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کردووە و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، تاوتوێ کردووە.
سەرۆکی هەرێم و وەزیری بەرگری هۆڵەندا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که، به‌تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و لێکه‌وته‌کانی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.