لە مانگێکدا زیاتر لە 30 راوچی قۆڵبەست کراون

لە شارەزوور سێ راوچی بە 25 باڵندەوە دەستگیرکران؛ 11 کەو ئازاد کران

شۆرش قادری

باڵندەیان بە ئاسمانی شارەزوورەوە نەهێشت، دواجار پۆلیسی دارستان و ژینگە پێیزانی و قۆڵبەستی کردن،  کەوەکانیشیان لێسەنرا و ئازاد کران.

“لە ئەنجامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بنکەی پۆلیسی دارستانی عەربەت و بەشی بازگەکانی ئاسایشی دەروازەی عەربەت سێ هاوڵاتی بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی لە بازگەی ( عەربەت / دارە ڕەش ) دەستگیر کران”، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وای بە 964 وت.

ئاشکراشیکرد، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئۆتۆمبێلێک، 11 کەوی زیندوو، 14 باڵندەی ڕاوکراو، قەفەسێک و پێنج مۆبایل دەستیان بەسەرداگیراوە.

“بە بڕیاری دادوەر 11 کەوەکە ئازاد کران و گەڕێندرانەوە بۆ سروشت و ژینگە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەن بنکەی پۆلیسی دارستانی عەربەتەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کران.

وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتیشی، هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردن و لێپێچینەوە لە راوچییەکان و ئەو کەسانەی ژیان بە ژینگە دەگەیەنن بەردەوام دەبێت و تەنها  لە مانگی 11ـشدا نزیکەی 30 راوچی دەستگیرکراون و سزا دراون.

جگە لە دەستگیرکردنی ئەو راوچییانە، پۆلیس دارستان و ژینگەی سلێمانی دوو کەسی لە سنووری گەرمکی پێنجوێن و کەسێکیشی لە گوندی سەرای سوبحان ئاغا لە سەیدسادق،  بەتۆمەتی بیرهەڵکەندن دەستگیر کردووە.