لەدهۆک هێلکە شەشی بە هەزارە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدهۆک دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی هێلکە 840 تەبەق هێلکەیان بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ ساغکردەوە و نرخی شەش هێلکەیان کرد بە هەزار دینار.

گەیلان محەمەد، بەرێوەبەری کارگێری لە کۆمپانیای چاندن و پەلەوەری بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دهۆک و قەزای سێمێل بە حەوت بارهەڵگری کیا، 70 کارتۆن هێلکەمان خستە بازاڕەوە.

“تەنها لەکاتژمێرێکدا هەر ئۆتۆمبێلێک 50 کارتونیان فرۆشت، هەر تەبەقێەک بە 5 هەزار دینار، کە ئەمەش هەرزانترین نرخە لەهەموو کوردستان و عێراق،” گەیلان محەمەد وای وت.

هەر تەبەقێک هێلکە 30 دانەی تێدایە، ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەر تەبەقێکی بە شەش بۆ شەش هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.

ئەو هێلکانەی کە لە دهۆک کرانە بازاڕەوە، خۆماڵین و هەر ئەمڕۆ بەرهەمهاتوون و بەرواری بەسەرچوونیان تا 1ی مانگی ئادارە.

گەیلان محەمەد زیاتر وتی “پرۆژەکە تەنیا بۆ ئەمڕۆیە، بەڵام بەرنامەمان هەیە بۆ چەند جارێکی تر هێلکە بەنرخێکی هەرزان بفرۆشین.”

شوکری شەفیق، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە فەرمانگەی چاودێری بازرگانی بە تۆڕی 964ی وت “ئەم پرۆژەیە بەهاوکاری دوو کۆمپانیای ناوخۆیە بە هەماهەنگی و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی دهۆک.. هەنگاوێکە بۆ ئەوەی نرخی هێلکە لەبازاردا تاڕادەیەک هەرزان بێت.”

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، رێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان، لەسەدا پەنجای زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ، بەڵام نرخەکەی لە بازاردا گرانە و هۆکارەکەی زۆری تێچووی بەرهەمهێنان و قەدەغەکردنی هاوردەکردنییەتی.