لەلایەن کەسوکاری کوژراوەکەوە
ماڵی یەکێک لە تەقەکەرەکانی رووداوی تەقە کردنەکەی بنکەی پۆلیسی کوردسات سووتێندرا
964+
ژووری هەواڵ
کەسوکاری کەسە کوژراوەکەی رووداوی تەقە کردنەکەی بنکەی پۆلیسی کوردسات، ماڵی یەکێک لە تەقەکەرەکانیان سووتاند، بەهۆی ئەوەی ماڵەکە چۆڵ بوو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان کە لە چەند شایەتحاڵێکەوە دەست 964 کەوتووە، دوای ئەوەی لە رۆژی 24/10 تەقە لە هاوڵاتیەک دەکرێت لە بنکەی پۆلیسی کوردسات و هاوڵاتیەکە و دوو پۆلیس بریندار دەبن، ئەمڕۆ هاوڵاتییەکە دوای یەک مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، کەس و کارەکەشی چوونەتە سەر ماڵی یەکێک لە تەقەکەرەکان و تەقەیان لە ماڵەکە کردووە.
رووداوەکە بەمشێویە بووە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەو هاوڵاتیە گیانی لەدەستدا چەند ژنێک چوونەتە سەر ئەو ماڵە و ئاگریان فڕێداوەتە ماڵەکەوە و قاتی سەرەوەی ماڵەکە سووتاوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری 964 کەوتووە، پێشتر ئەو ماڵە چۆڵکراوە و کەسی تیادا نەبووە، هیچ کەسیش بەهۆی رووداوەکەوە بریندار نەبووە.