ئه‌مساڵ 10 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می بووه‌

سێوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌روارى باڵا هه‌نارده‌ى ئوردن ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ سێوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌روارى باڵا له‌ سنوورى دهۆک هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و به‌دیاریكراویش بۆ وڵاتى ئوردن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی كشتوكاڵیش ده‌ڵێت، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى هه‌نارده‌ى ده‌كات خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌.

سێوی بەروارى باڵا، هەم تامێکی خۆش و هەمیش رەنگێکی جوانی هەیە، به‌پێی ئه‌و پشکنینه‌ی وه‌ك ستانداردی جیهانی بۆی كراوه‌، سێوه‌كه‌ مادەی قڕکەری تێدا نییە و بەپێی شیکاری مایکرۆبایۆلۆجیش سروشتییە، رێژەی شەکر تێیدا 14.9یە و کە بە پێوەری نێودەوڵەتی 10 بۆ 25ە، بەمەش خاوەن رێژەیەکی زۆر باشە، هیچ مادەیەکی کیمیاییشی تێدانییە، وەک پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەو وردەکارییانەی سێوەکەی بڵاوکردووەتەوە.

پارساڵ حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌ياند، ئه‌م جۆره‌ سێوه‌ لە نۆ فرۆشگای نێودەوڵەتی و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەستە و دەفرۆشرێت.

ئه‌حمه‌د جه‌میل، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كشتوكاڵى دهۆک به‌ 964ـى راگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵ ئاماده‌كارى كراوه‌ 150 تۆن له‌ سێوى به‌روارى باڵا هه‌نارده‌ى وڵاتى ئوردن بكرێت.

وتیشی “ئه‌و كۆمپانیاى هه‌نارده‌ى ده‌كات، خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌ بۆ ناردنى سێوه‌كه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى سێوى به‌روارى باڵا 10 هه‌زار تۆن بووه‌ به‌راورد به‌ ساڵانى رابردوو زۆر زیاتره‌، به‌ڵام ده‌شڵێت “نائارامی ناوچه‌كانى به‌روارى باڵا به‌هۆى شه‌ڕ و تۆپبارانه‌وه‌ كاریگه‌رى خراپی له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌م سێوه‌ كردووه‌، چونكه‌ له‌ دۆخى ئاساییدا زیاتر له‌و رێژه‌یە به‌رهه‌می ده‌بێت”.

دهۆك نایه‌وێت سێوه‌كه‌ى به‌روارى باڵا له‌ به‌ناوبا...

دهۆك نایه‌وێت سێوه‌كه‌ى به‌روارى باڵا له‌ به‌ناوبانگییه‌كه‌ى بكه‌وێت