لە کەرکوک
گەنجێک خوشکێکی کوشت و دووانی دیکەشی بریندار کرد
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک گەنجێک تەقەی لە سێ خوشکی کرد، یەکێکیان کوژرا و دووانەکەی دیکەش برینداربوون.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 7.11.2024 بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی واستی کەرکوک، گەنجێک بە چەکی کەڵاشینکۆف تەقەی لە سێ خوشکی خۆی کرد، یەکێکیانی کوشت و دووانەکەی دیکەش بریندار بوون، پاش ئەنجامدانی تاوانەکەشی بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهات.
سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، “لەلایەن بنکەی پۆلیسی عەدالە تەرمی کچێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی (ر.س.ک) ، هەروەها دوو برینداری دیکە کە خۆشکی یەکترن وتەمەنیان 13 ساڵ و 20 ساڵە، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک”.
سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی عەدالە بە 964ـی وت، ئەو گەنجە لە ناو ماڵی خۆیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئەو کارەی کردووە و پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە، تائێستاش دەستگیرنەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو گەنجە بەردەوامە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری