باج و قەدەغەى هاوردە هەڵگیرا
نرخى تەماتە هەرزان دەبێت
964+
ژوولى عەدنان
وەزارەتى کشتوکاڵ بریاریدا بە هەڵگرتنى باج و قەدەغە لەسەر تەماتەى هاوردە، دەشڵێت: هۆکارى بڕیارەکە بۆ ئەوەیە بەرهەمى ناوخۆ لە بازاڕدا زۆر کەمبووەتەوە و نرخەکەى بەرز بووەتەوە.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کە واژۆى دارا رەشید، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە وەکالەتـى لەسەرە و بەروارى 5ـى 11ـى 2024ـى لەسەرە، تێیدا هاتووە، “دواى بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمى تەماتە، لە سەرجەم سنوورى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆمان دەرکەوت ئەو بەرهەمە لە بازاردا زۆر کەمبووەتەوە و نرخى بەرز بووەتەوە”.
” پاڵپشت بە یاسایى پاراستن و پێشخستنى بەربوومى کشتوکاڵى، بڕیارماندا بە هەڵگرتنى باج و قەدەغە لەسەر بەرهەمى تەماتەى هاوردە لە دەرەوەى وڵات، لە رۆژى دەرچوونى نوسراوەکەمان”، لە نوسراوەکەدا وا هاتووە.
ئەو بڕیارە دواى ئەوە هات، شەپۆلى بارانەکە و هاتنى سەرما، نرخى تەماتەى دووقات بەرز کردەوە بەشێوەیەک نرخى هەر کیلۆیەکى ئێستا گەیشتووە بە هەزار و 300 دینار.
دوو رۆژ پێش ئێستا سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـى وت،” بەهۆی نەمانی بەرهەمی خۆماڵ و هاوردەکردنى لە سوریاوە کە لە رێگەی بەغداوە دێت، هەر کیلۆیەک تەماتە نرخەکەی بەرزبوەتەوە بۆ هەزار و 300 دینار و زیاتریش بەرز دەبێتەوە”.
هەموو ساڵیک وەزارەتی کشتوکاڵ لە 1ـی 12ـەوە باج لەسەر سەوزە و میوە هاوردە هەڵدەگریت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زوو تەواوبوونی بەرهەمی ناوخۆ زوتر بڕیارى لەبارەى تەماتەوە دا.