تەقتەقیش بووە قەزا

لێبوردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوان دەرچوو

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی لە زاری وتەبێژی سەرۆکایەتییەكە بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە كراوە، لێبوردنی تایبەتی بۆ ژمارەیەك لە حكومدراوان دەرچوو، هەروەها تەقتەقیش كرایە قەزا.

لە راگەیاندراوەكە هاتووە:

بەپێی بڕگەی( 6) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە ( 1 )ی ساڵی 2005 هەموارکراو، ئەمڕۆ یەکشەممە 13.10.2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە ( 336) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.

لەمبارەیەوە دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی وت: بەپێی ئەو فەرمانە، ( 17) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی روونیکردەوە، کە ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان، لیژنەکە لە ماوەی رابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە (335)ی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ی دەرکرد.

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند پاش ئەوەی هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.