پێویستیان بە پزیشکی چاوە

13 پزیشک دەنێردرێت بۆ تەندروستی پێنجوێن بەڵام پزیشکی چاوی تێدا نییە

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

بە بڕیارێکی وەزیری تەندروستی لەکۆی 65 پزیشکی پسپرییە جیاوازەکان کە دابەش دەکرێن بەسەر ناوچە جیاوازەکان 13دانەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پێنجوێنن بەڵام، بەبێ پزیشکی چاو و تەندروستی پێنجوێنیش حەوت مانگە بێ پزیشکی چاوە.

سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پزیشکەکان بەسەر ناوچەکاندا بە گوێرەی پێویستییان و داواکاری لەسەریان دابەشکراون.

وتیشی، پزیشکەکان ژمارەیان 65 دانەیە و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستیەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین و پێنجوێندا دابەشکراون.

پزیشکەکان لە زیاتر لە 13پسپۆڕین وەک ئێسک و شکاوی و ژنان و منداڵبوون و منداڵان و نەشتەرگەری گشتی و پێست و تیشک و سۆنار و قوڕگ و لوت و گوێ و نەخۆشیەکانی هەرس و جگەر و چەندانی دیکە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت، لەو ژمارە پزیشکەی بۆ قەزای پێنجوێن دانراوە پزیشکی چاوی تێدانییە و سامان لەتیف لەو بارەیەوە وتی، رۆژی 19.8.2024سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی قەزاکەیان کردووە و داوایان لێکردوون پزیشکی چاویان بۆ دابین بکرێت بەڵام کە ئێستا دابین نەکراوە ئاگادار نییە.

وتیشی، پێدەچێت دەرچوانی پسپۆڕی چاو کەمبن بۆیە نەنێرداون.

ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە لە قەزای پێنجوێن پزیشکی چاو نییە و هاوڵاتیان و قوتابیان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان لەکاتی وەرگیرانیان لە زانکۆ و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، دەبێت بچنە دەرەوەی پێنجوێن بۆ پشکنینی چاو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی