بێهۆشە و باری تەندروستی ناجێگیرە
بریندارێک لە نەخۆشخانەی شەهید هەژارە و کەسوکاری دیار نییە
964+
شۆڕش قادری
بریندارێک لە نەخۆشخانەی شەهید هەژاری کەلارە و کەسوکاری دیار نییە، بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکەش داوا دەکەن، هەر کەس دەیناسێت، کەسوکاری ئاگادار بکاتەوە.
د. رزگار لەتیف بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە 964ـی وت، “هاوڵاتیەک تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکەمان و لەئێستاشدا بێهۆشە و باری تەندروستی ناجێگیرە”.
“ئەو هاوڵاتییە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە و ناتوانرێت هیچ زانیاری لەسەر بزانرێت بۆیە داوا دەکەین، هەرکەس دەیناسێتەوە خزم و کەسوکار و ناسراوانی ئاگادار بکاتەوە”، د. رزگار لەتیف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسە ماتۆڕسوار بووە و تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و لەلایەن خەڵکەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانیش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییە، لەسەر پردی نێوان کەلار ـ رزگاری بە ماتۆڕسکیل و بەخێراییەکی زۆر بە ئاراستەی رزگاری رۆیشتووە، خۆی کێشاوە بە بەربەستی سەر پردەکەدا و بەوهۆیەوە برینداربووە”.
لەسەر داواکاری د. رزگار لەتیف و بە مەبەستی ناسینەوەی و پەیدابوونی کەسوکاری، 964 وێنەکەی لە خوارەوە دادەنێت.