"تەپووتۆز گوندەکەمانی داپۆشیوە"

نۆژەنکردنەوەی رێگای مەرزی کێلێ دانیشتووانی گوندێکی هەراسان کردووە

+964

محەمەد عەلی ــ پشدەر

رێگای سەرەکیی مەرزی کێلێ نۆژەندەکرێتەوە، بۆیە شۆفێری بارهەڵگرەکان ناچارن رێگای گوندەکانی دێگە و کانیلان و گیرەی سەر بە ناحیەی هێرۆ بەکاربهێنن، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە گوندنشینانی ئەو دەڤەرەی لێکەوتووتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10.9.2024 عەلی سلێمان، دانیشتووی گوندی دێگە بە 964ـی وت، “رێگای گوندەکەمان قیرتاو بوو، عەیبی نەبوو، بەهۆی هاتوچۆکردنی بارهەڵگرەکان وێران بووە، ئێستا رێگاکەمان هەمووی بووە بە خۆڵ، بەهۆی کارکردن لە رێگای مەرزی کێلێدا، شۆفێرانی کێلێ و گوندەکانی تریش بەم رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن، ئێمە بووینە قوربانی و زیانی زۆرمان پێگەیشتووە”.

“ئێستا وەرزی بارانبارین نەهاتووە، لەبەر خۆڵ و چاڵوچۆڵی رێگاکە، بە ئەستەم دەتوانین بێین بۆ گوندەکەمان، ئەمە جگە لەوەی تۆزی رێگاکە، گوندەکەمانی داپۆشیوە، هەرچی کشتوکاڵی گوندەکەمانە وێران بووە بە تۆز و خۆڵ، ئەو لەوەڕگایانەی هەشمان بوون، لەناوچوون،” عەلی سلێمان وای وت.

داوایشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، رێگەچارەیەک بدۆزنەوە و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
سەبارەت بەو پرسە، موحسین حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، “کار لە بەشێکی رێگای مەرزی کێلێدا دەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە، پێویستمان بە رێگای کاتی هەبوو بۆ هاتوچۆکردنی شۆفێران، بۆیە رێگای دێگە بۆ کێلێمان دیاریی کرد، تا ئەوکاتەی کارکردنی رێگاکە تەواو دەبێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێگایە چەوڕێژە و بەشێکی قیری سەردەمی بەعسە، بەهۆی لۆدی زۆری بارهەڵگرەکانەوە گرفتی بۆ گوندنشیان دروستکردووە، رۆژانە ئاوڕشێنی دەکەن و بەپێی پێویست خاوێنی دەکەنەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا وەک خۆی لێدێتەوە، ئەمەش بەهۆی قەرەباڵغیی رێگاکەوە.

بە قسەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی راپەڕین کردووە، ئەو کۆمپانیایەی کار لە رێگای کێلێدا دەکات، ئەم رێگایەش نۆژەن بکاتەوە، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداونەتەوە.
رێگای دێگە بۆ گیرە سەر بە ناحیەی هێرۆیە لە پشدەر، شەش کیلۆمەترە و رێگای سێ گوندی بەسەرەوەیە، دانیشتووانەکەشی بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

بە بەهای زیاتر لە 63 ملیۆن دۆلار کاڵا لە مەرزی کێلێوە ها...

بە بەهای زیاتر لە 63 ملیۆن دۆلار کاڵا لە مەرزی کێلێوە هاوردە کراوە