دواى نزیکەى هەشت مانگ
رێبوار تەها بە پارێزگارى کەرکوک هەڵبژێردرا
964+
وریا فەتاح
رێبوار تەها، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە پارێزگارى نوێى کەرکوک هەڵبژێردرا، محەمەد حافز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی قیادە (عەرەبی) سەر بە محەمەد حەلبوسى، بە سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
ئەمشەو، لە بەغداى پایتەخت، کۆبوونەوى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە ئامادەبوونى نۆ ئەندامى هەڵبژێردراو دەستى ئەنجامدرا و حەوت ئەندامیش بایکۆتیان کرد.
ئەو ئەندامانەى بەشدارى کۆبوونەوەکەیان کردبوو، پێنج ئەندامیان فراکسیۆنى یەکێتى بوون و دوو ئەندامیان لە کوتلەى قیادەى عەرەبى بوون و ئەندامێکى عروبە و ئەندامێکى ئەنجومەنى کریستیانیش بەشدارى کردبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى کە لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکدا، 28 هەزار و 932 دەنگى بەدەستهێنابوو، بە پارێزگارى کەرکوک هەڵبژێردرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد حافز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی قیادە (عەرەبی) کە سەر بە محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى عێراقە، بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
لە کۆبوونەوەکەى ئەمشەو 10.8.2024 دا، حەوت ئەندامى ئەنجومەنەکە بەشدارى کۆبوونەوەکەیان نەکرد کە دوو ئەندامیان لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان و سێ ئەندامیان لە فراکسیۆنى هاوپەیمانى عەرەبى و دوو ئەندامیان لە بەرەى تورکمانى، بوون.
عەلى حەمادى، پاریدەرى پارێزگارى پێشووى کەرکوک کە سەرپەرشتیارى کۆبوونەوەکەى ئەمشەوى کردووە، زانیارییەکانى بە 964 داوە و وتیشى،”جگە لە پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەن، ئەنجێل زیا شیبا بە بڕیاردەرى ئەنجومەنى پارێزگا هەڵبژێردراوە، جێگرى یەکەمى پارێزگاریش بۆ پێکهاتەى تورکمانى بووە، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونیان ئەو پۆستەبە بۆشاى ماوەتەوە و جێگرى دووەمى پارێزگاریش بۆ ئیبراهیم تمیمی بووە”.
لە 18.12.2023 وە، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجامدراوە و تا ئێستا تەنیا سێ جار کۆبوونەوە بەڕێوە چووە، بەڵام پێش کۆبوونەوەکەى ئەمشەو تەنیا یەک کۆبوونەوە بە ژمارەى یاسایى ئەندامان کۆبوونەوە ئەنجامدراوە کە لە رۆژى 11.7.2024 بوو.
کۆبوونەوەکەى 11.7.2024، دواجار بەستەڵەکى ناکۆکییەکان شکاند و بڕیاردرا لە ماوەى 30 رۆژدا پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەن هەڵببژێردرێن و ئەمشەویش دواى ئەو بەروارە، سەرۆکى ئەنجومەن هەڵبژێردرا.
لەم هەواڵەدا، کاروان ساڵحى، پەیامێرى 964 لە کەرکوک هاوکار بووە.