حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن له‌ قاچه‌كانیه‌تى

ساڵێكه‌ حاجیاوا به‌دواى چاره‌سه‌ركردنى كچێكى ته‌مه‌ن 9 ساڵانه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى ساڵێكه‌ كۆمه‌ڵێك خۆبه‌خش و خێرخواز له‌ قه‌زاى حاجیاوا، له‌رێگه‌ى كه‌مپینێك هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك و هاوكارى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى قاچه‌كانى كچێكی ته‌مه‌ن نۆ ساڵه‌یان چاكبكه‌نه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپینه‌كه‌ش ده‌ڵێت، گه‌یشتووین به‌ ئه‌نجام و به‌م زووانه‌ نه‌شته‌رگەرهى بۆ ده‌كرێت.

قاچه‌كانى ئه‌م كچه‌ هه‌ر له‌ زكماكییه‌وه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ن، و به‌پیچی قسه‌ى پزیشكه‌كانیش حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌رى هه‌یه‌.

ئاكام عه‌زیز، سه‌رپه‌رشتیارى كه‌مپینه‌كه‌ به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى ساڵێكه‌ کەمپینێكی بەهاناوەچوونیان بۆ ئه‌م كچه‌ رێكخستووه‌، هه‌م پاره‌یان بۆ كۆكردووه‌ته‌وه‌ هه‌میش سه‌ردانى پزیشكانى تایبه‌تمه‌ندیان كردووه‌.

وتیشی “هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو كراون و هه‌فته‌ى داهاتوو له‌هه‌ولێر نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ده‌كرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كچه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌وه‌ گرفت و كێشه‌ بۆ هاتوچۆكردنى دروستبووه‌ و ویشتووشیانه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌و كچه‌ نه‌هێڵن و وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی، ئاسایی ببێته‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، به‌هۆى كه‌مده‌رامه‌تیی و ده‌ستكورتییه‌وه‌ خانه‌واده‌كه‌ى له‌ رابردوودا نه‌یاتنتوانیوه‌ چاره‌ه‌رى پێویستى بۆ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت تێچووى سه‌ردانیكردنى پزیشكیشیان نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پزیشكێك بیبینێت.

به‌قسه‌ى ئاكام عه‌زیز، تێچووى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ 11 هه‌زار دۆلاره‌ و روونیشیكرده‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌بوایه‌ تیمێكی بیانى بیبینێت بۆیه‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ى دواكه‌وتبوو..