بازرگانیی دهۆک: هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران دەگات
964+
هێڤی دیوالی
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بنێردرێت و بگاتە دهۆک، بە قسەی بازرگانیی دەغلودانی ئەو پارێزگایە.
نازم محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی دەغلودانی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، بڕیارە سەرەتای مانگی شوبات پارەی گەنمی جوتیاران بنێردرێت بۆ ساڵی 2015، بڕی پارەی جوتیارانی دهۆک بۆ ئەو ساڵە 45 ملیار و 504 ملیۆن و 781 هەزار دینارە.
وتیشی، ئەو پارەیەی کە لەلای حکومەتی عێراق ماوە تەنها هی ساڵەکانی 2015 و 2016یە، بڕە پارەی 2016، 34 ملیار و 987 ملیۆن و 110 هەزار دینارە.
تۆڕی 964 دەزانێت، بڕە پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆک 80 ملیار و 492 ملیۆن و 692 هەزاردینارە.
پێشتر، موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی 964ی راگەیاندبوو، پەیوەندی بە وەزیری بازرگانی عێراقەوە کردووە سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیاران، بەڵێنی داوە لە ماوەی یەک هەفتەدا بینێرێت.
شایستەی دارایی جوتیارانی کوردستان بە گشتیی بۆ ساڵی 2015 و 2016 دەگاتە 240 ملیار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 دوا بڕە پارەی جوتیاران بۆ 2014 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرجکرا.