مەرجیشی هەیە
حكومەت پارەی (حوافز) بۆ بەشێكی پزیشكەكان خەرج دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی هاندان بۆ پزیشكانی سڕكردن لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دا، بەڵام مەرجیشی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.7.2024 لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی وەزارەتەكانی تەندروستی، دارایی و ئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی كراوە، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی داوە لەسەر خەرجكردنی هاندان (حوافز) بۆ پزیشكانی خاوەن پسپۆڕی سڕكردن لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، لە بەرانبەر خەرجكردنی ئەو هاندانە، پزیشكانی سڕكردن كە لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تەنسیب دەكرێن بۆ سەر وەزارەتی تەندروستی، بەڵام دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانستییان لێ دەبڕێت لە ماوەی تەنسیبەكەیان.
بەو بڕیارە پزیشكانی سڕكردن پابەند دەكات بە تەواوی رۆژانی دەوامی بەیانیان و ئێشكگرتن لە نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشكییە حكومییەكان لە هەرێمی كوردستان.