41 رۆژ تێپەڕی
دوکاندارانی بازاڕی چەلێی دهۆک تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
41 رۆژ تێدەپەرێت بەسەر ئاگرەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک، بەڵام دیمەنەکان وەک خۆیان ماون و دوکانەکان دەستکاری نەکراون، و تا ئێستا بە داخراوی و بەبێ نۆژەنکردنەوە ماونەتەوە.
خاوەن دوکانەکانی بازاڕی چەلێ دەڵێن، تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە و کات دەڕوا و ئەوانیش زیاتر زەرەرمەندن.
حەسەن زێوکی، یەکێکە لە خاوەن دوکانەکانی بازاڕی چەلێ لە دهۆک، ئەمڕۆ شەممە 11.5.2024 بە 964ی وت، تا ئێستا ئێمە چاوەڕێی قەرەبوو دەکەینەوە و هیچ دیار نییە، هەندێک لە باڵەخانەکان مەترسی رووخانیان لەسەرە و ئێمە ناتوانین هیچ بکەین، تەنیا ئەوەیە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتین، بۆیە داوای قەرەبوو دەکەین بۆ ئەوەی دوکانەکانمان نۆژەن بکەینەوە.
خەلیل ئەحمەد، دوکاندارێکی دیکەی بازاڕی چەلێیە، بە 964ی وت، نە رێگایەک هەیە خراپی بکەین و نە ئاوەدانی بکەینەوە و هێشتا چاوەڕێی بڕیاری حکومەتین و هەرچەندێک ئاوا بمێنێتەوە زەرەر و زیانەکان زۆرتر دەبن، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات کارەکان بەڕێوەبچن.
ئاگرەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک کۆنتڕۆڵ کرا
بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە 964ی وت، هەموو کارێک کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی دوکاندارانی بازاڕی چەلێ و کەشف کراوە و بەرز کراوەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بۆیە لە ماوەیەکی نزیک قەرەبوو دەکرێنەوە، هەرکەسێک بەپێی رێژەی سووتانی دوکانەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی پارێزگای دهۆکدا هەموو داتاکان بخرێنە ڕوو، چونکە لەوانەیە هی کەسێک کۆگا بێت و هی کەسێکی دیکە دوکان بێت.
عەمید حەسەن خورشید، سەرۆکی لیژنەی قەرەبووکردنەوە لە پارێزگای دهۆک، هەر لەمبارەیەوە بە 964ی وت، هەموو کارەکان تەواو کراون و قەرەبووکردنەوەی دوکاندارەکان دەکرێت، تەنیا ماوە رۆژێک دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی قەرەبوویان بکرێتەوە، هەروەها سبەی لیژنەیەکی پسپۆری ئەندازیاری سەردانی بازاڕەکە دەکات بۆ ئەوەی هەر باڵەخانەیەک پێویستی بە رووخاندن هەبێت و مەترسی لەسەر هەیە، بیڕوخێنن و قەرەبووی ئەو کەسەش دەکرێتەوە.
بازاڕی چەلێ لە پاریزگای دهۆک لە 1.4.2024 ئاگری تێبەربوو، زیانی زۆری لەدوای خۆیدا جێهێشت، 137 دوکان سووتان و لەم ژمارەیەوە 93 دوکان بەرکەوتووی دووکەڵ و ئاو بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا