هەفتەی دوو رۆژ
راپەڕین: ئیتر بێبەرامبەر پشکنینی مامۆگرافی ئەنجام دەدرێت
+964
ژێوار خدر – راپەڕین
بۆیەکەمجار ئامێری مامۆگرافی، لە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کەوتەکار.
تەها محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین بە 964ـی وت: ئامێری مامۆگرافی لە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک رۆژانە لە کاردایە و ئەو کەسانەی کە راپۆرتی پزیشکییان هەیە و پێویستییان بە پشکنینی مامۆگرافیە، هەروەها ئەو کەسانەی کە راپۆرتی نەخۆشخانەی هیوایان هەیە و نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، دەتوانن لەو سەنتەرە و بەو ئامێرە پشکنینیان بۆ بکرێت.
تەها محەمەد وتیشی: رۆژانە لە سەنتەرەکەدا ناونووسین دەکرێت، بەڵام تەنیا هەفتەی دوو رۆژ پزیشکی تایبەتمەند دادەنیشێت و نەخۆش دەبینێت و پشکنین ئەنجامدەدرێت، کە رۆژانی یەکشەممەو و سێشەممەن، پشکنینەکەش بێ بەرامبەرە
964 دەزانێت کە ئەم ئامێرە یەکێکە لە پێشکەوتووترین ئامێرەکانی پشکنینی مەمک لەسەر ئاستی عێراق و تەنیا دوو دانە لەم جۆرە بەردەستە، کە یەکێکیان لە باشووری عێراقە و ئەوەی دیکەیشیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕینە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا