پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ
لە هێرشێکی فڕۆکەکانی تورکیا دوو هاوڵاتی لە شەنگال بریندار بوون
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنزیک کەمپی سەردەشتی دەروبەری چیای شەنگال، لەرێگەی فڕۆکەوە ئۆتۆمێلێک بۆردوومان کرا و ئەنجومەنی خۆسەر دەڵێت دوو هاوڵاتی بریندار بوون، بەڵام دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکاری کوردستان کوژراوە.
هەڤاڵ خودێدە ئەلیاس سەرۆکی ئەنجومەنی خۆسەری سنونێ بە 964ی راگەیاند، فڕۆکەی تورکیا سێجار ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆردوومان کردووە، جاری یەکەم و دووم بۆردومانەکە بەدەوروبەری ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە و سێیەمجار بەرکەوتووە و دوو هاوڵاتی خەڵکی شەنگال بریندار بوون.
بەوتەی هەڤال خودێدە، ئەو هاوڵاتییانەی برینداربوون، بەهیچ جۆرێک پەیوەندییان بە کاری سیاسی نییە و خەڵکی ئاسایین.
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندووە، “لەهێرشەکە بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکاری کوردستان کوژراوە”.
چالاکوانێکی شەنگال بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوە 12 جارە فڕۆکەکانی تورکیا سنووری شەنگال بۆردوومان دەکەن.