لە سنورى راپەڕین
لە هەر رۆژێکدا راوچییەکى ماسى دەستگیر دەکرێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین، لە هەر رۆژێکدا راوچییەکى ماسى دەستگیر دەکرێت، تەنیا لەمڕۆشدا سێ راوچى لە پاشاوى قوڕەگۆى نزیک دەربەندى رانیە دەستگیرکراون.
شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت،”لەماوەى 10 رۆژى رابردووى قەدەغەى راوەماسى توانیومانە نۆ کەس دەستگیر بکەین و دەستیشمان بەشەر ژمارەیەک کەلوپەلى راوکردنى ماسسیدا گرتووە”.
بە وتەى شۆڕش کاکە، ئەو کەسانەى دەستگیر دەکرێت رووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوە دەکرێنەوە بۆ ماوەیەک رادەگیرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و سزاکەشیان یان پێ بژاردن یان بەند کردنە، دەستیش بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگیرێت، و ئەو ماسییانەشی کە زیندوون دەخرێنەوە ناو ئاو و ئەوانەی تریش لەزیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێن.
لە هەرێمى کوردستاندا، بەپێى یاساى ژمارە 8ـى ساڵى 2008، یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگەى لە هەرێمى کوردستان- عێراق، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکرێت.
دەروازەى چوارەمى هەمان یاسا و لە ماددەى 31 و بەپێى بڕگەکانى یەک و دوو و سێ، راوکردنى ماسى و باڵندە لە وەرزى جوتبوون و زاوزێدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
هاوکات بە پێى ماددەى چل و دوو لە حکومە سزاییەکاندا هاتووە:
یەکەم: لەگەڵ سەرپێچینەکردنى هیچ سزایەکى توند کە لە دەقى یاساکانى دیکەدا هاتبێ، سەرپێچیکەر حکومەکانى ئەم یاسایە و سیستەم و رێنماییەکانى کە بەپێى ئەوە دەرکراون، بە بەندکردن سزا دەدرێن، بۆ ماوەى مانگێک کەمتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 150 هەزار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
دووەم: لە هەر جارێکدا سەرپێچییەکە دووبارە بکرێتەوە، سزاکە دوو بەرامبەر دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح