دوو ساڵ خەرج کراوە
داوای بەگەڕخستنەوەی 900 ملیۆن دینارەکەی شوێنەوار دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان داوا لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەن هەوڵ بدات ئەو 900 ملیۆن دینارە بخرێتەوەگەڕ، کە کابینەی نۆ ساڵانە بۆ شوێنەوار بڕیاری لەسەر دابوو.
هەر 11 بەڕێوەبەرایەتییەکەی شوێنەوار دوێنێ چوارشەممە 12.3.2024 لەگەڵ وەزیری شارەوانی کۆبوونەتەوە.
یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە بە 964ـی وت، “دوو ساڵ بەهۆی کۆرۆناوە ئەو 900 ملیۆن دینارە خەرج نەکرا، دوو ساڵیش بە رۆتیناتێکی زۆر ئیشی پێکراوە و داوامان کردووە ناکرێت دەرخستەی شوێنەوار وەک کەرەستە و بیناسازیی مۆدێرن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت”.
بەرلەوەی بچنەوە ئەو کۆبوونەوەیەوە لەگەڵ وەزیری شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار خۆیان پەیوەندییان هەبووە و داواکارییەکانیان یەکخستوون.
بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە روونیشیکردەوە، داوای دابینکردنی بوودجەی مانگانە و دامەزراندنی پسپۆڕی شوێنەواریان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان.
وتیشی، “دابینکردنی بوودجە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار زۆر گرنگە، چونکە بەبێ پارە هیچ کارێک لە بوواری شوێنەواردا ناکرێت”.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەکانی هەرێم، پێنج هەزار و 800 شوێنەوار لە هەرێم دۆزراونەتەوە و تۆمار کراون.