هەفتەی ئاییندە

چاپی سێیەمی رۆمانی “کەشتیی فریشتەکان”ـی بەختیار عەلی دێتە بازاڕەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە هەفتەی ئاییندە چاپی سێیەمی رۆمانی “کەشتیی فریشتەکان”ـی نووسەر و رۆماننووسی کورد بەختیار عەلی بێتە کتێبفرۆشییەکانەوە.

رۆمانەکە سێ بەرگە و زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕەیە و لە لایەن ناوەندی رۆشنبیریی رەهەندەوە لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

ئارام سدیق، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی رەهەند بە 964ـی راگەیاند، جیاوازیی ئەم چاپە و چاپەکانی دیکە ئەوەیە، کە پێداچوونەوەیەکی گشتی بە هەموو کتێبەکەدا کراوە چ لەڕووی هەڵەچنی و رێنووسەوە بێت، هەتا رستەسازی و چاپێکی پووختترە لەوانی تر.

وتیشی، “ئەم چاپەیانی بە بۆکس کراوە، بەڵام ژمارەیەکیش بۆکسی نییە، چونکە رۆمانەکە سێ بەرگە و هەندێ خوێنەر هەیە یەکێک یان دوو بەرگی دەکڕێت و پێویست ناکات ئیجبار بێت بۆکسەکە بکڕێت”.

رۆمانی “کەشتیی فریشتەکان” گەشتێکە بە مێژووی شۆڕشی کورددا، لە بەهاری ساڵی 1974ـەوە دەستپێدەکات. سەفەری شۆڕشگێڕێکە لە خەونی رزگارکردنی نیشتمانەوە تا دەگاتە حکومڕانیی دەستەیەک، ئەو کەسە دەستبەرداری لایەنە مرۆڤانەکەی خۆی بووە و لەسەر شێواندن، شاردنەوە، درۆکردن دەژی و کاردەکات.

رۆمانەکە تەنیا بە رۆحی قۆناغێکی مێژوودا ناچێتە خوار و لە ئاڵوگۆڕە مێژووییە گەورەکان رانامێنێت، بەڵکو بە رۆحی پاڵەوانەکاندا دەڕوانێت و بە نێو خەون و ترسەکانیاندا رۆدەچێت.

رۆمانەکە چیرۆکی ئەو مرۆڤە کوردەیە لەناو ئامێرە دڵڕەقەکاندا ورد دەبێت، ئامێرگەلێک هەر جارە و ناوێکی هەیە، جارێک ناوی  هێزی داگیرکەرە، جارێک ناوی حیزبە، جارێک ناوی مێژووە، جارێک ناوی دەزگاکانی دەوڵەتە.

“کەشتیی فریشتەکان” هەشتەم رۆمانی بەختیار عەلییە، ساڵی 2012 بەرگی یەکەمی بڵاوبووەوە، ساڵی 2013 بەرگی دووەمی بڵاوبووەتەوە و بەرگی سێیەمیشی ساڵی 2017 بڵاوبووەوە.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت