لە کەلار ونبووی بڕۆ بۆ کۆشکەکە

964+

 هونەر فارس – گەرمیان

کۆشکێک لە قەزای کەلار دانراوە بە سێ زمان رێنوێنی گەشتیارانی لێوە دەکرێت، گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت، 24 کاتژمێر بەردەستە.

 چەند رۆژێکە لە بەرامبەر مارکێتی گلارە لە نزیک بازاڕی شاری کەلار، کۆشکێکی لە دار دروستکراو دانراوە و بە سێ زمان ڕێنوێنیی ئەو گەشتیارانە دەکات کە روو لە گەرمیان دەکەن.

964+ زانیویەتی، کۆشکەکە لە بۆنە و ئاهەنگەکەکاندا کارمەندی گەشتوگوزاری تێدا دەبێت و بۆ رۆژەکانی دیکەیش ئەو گەشتیارانەی کە پێویستیان بە رێنوێنی دەبێت لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەکانی سەر کۆشکەکەوە رێنوێنی دەکرێن.

هێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بە 964+ـی راگەیاند، کۆشکەکە رێبەرییەکە بۆ ئەو گەشتیارانەی لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا سەردانی گەرمیان و ناوچەکە دەکەن.

دەشڵێت، ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی کە لەسەر کۆشکەکە دادەنرێن 24 کاتژمێر کراوە دەبن و هەر گەشتیارێک لە شوێنە گەشتیارییەکاندا گلەیی لە نرخ و کەموکورتیی شوێنەکان هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات.

لە ماوەی هەفتەیەکی کۆتایی ساڵی رابردوو و سەری ساڵی نوێدا، هەزار و 47 گەشتیار لە ئێران و خوارووی عێراقەوە لە بازگەکانی گەرمیان تۆمارکراون.