ماڵ و پارەیان دەداتێ
حکومەتی عێراق رێکاری نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەگرێتەبەر
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کەمپەکانی ئاوارەکان دابخات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێک نراون، لەوانەش پێدانی چوار ملیۆن دینار بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە و دابینکردنی کەلوپەلی ناو ماڵ بۆیان.
حکومەتی عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، فشارەکە بە پێنەدانی نەوت و کەمکردنەوەی رۆژ لە دوای رۆژی هاوکارییەکان دەستیپێکردووە.
عەلی عەمر کەعبۆ، جێگری پاریزگاری موسڵ بۆ کاروباری ئاوارە و رێکخراوەکان بە 964ـی وت، حکومەتی عێراق بەرنامەی داناوە کەمپی ئاوارەکان دابخات و هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدریت لەگەڵ پێدانی هەموو کەلوپەلی ناوماڵ، هەروەها دەرفەتی کار بۆ ئاوارەکان دابیندەکرێت لە شنگال لەکاتی گەڕانەوەیان ئەگەر کاریان نەبێت، و هەر کەسێک هەژار بێت و موچەی نەبێت، موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی لەلایەن عێراقەوە پێدەدرێت.
لە شنگال دوو هەزار و 200 خانوو دروستدەکرێن بۆ ئەو کەسانەی کە خانویان نییە یان خانووەکانیان روخاوە، بڕیار وایە تاوەکو مانگی حەوتی ئەمساڵ هیچ کەمپێک نەمێنێت، هەر ئاوارەیەکیش نەگەڕێتەوە شوێنی خۆی دەبێت مشوری خۆی بخوات بۆ شوێنی مانەوە.
بەوتەی جێگری پارێزگاری موسڵ، تاوەکو ئیستا 13 هەزار مامەڵە بۆ وەرگرتنی قەرەبووی خەڵکی شنگال تەواو کراون.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە 964ـی وت، زۆربەی زۆری خەڵکی ئێمە لەسەر ئەم بریارە رازی نییە، چونکە دەڵێن پارەکە زۆر کەمە و خانووەکەمان رووخاوە و ئەم چوار ملیۆنە زۆر کەمە و دەبێت زیادی بکەن، بەڵام “لەلایەن خۆمانەوە هیچ ئاوارەیەک ناچار ناکرێت کەمپەکان چۆڵبکات”.
زۆرترینی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن، لە دهۆک نیشتەجێن، لە سنووری پارێزگاکە 20 کەمپ هەن و ژمارەی ئاوارەکانی پارێزگاکە بە گشتی 337 هەزار ئاوارەن.
یونسێف پێگەیاندنی ئاوی بە ئاوارەکانی کەمپی شەهبا راگرت
پێداچوونەوە: هاوبەش