هۆکار چییە؟

بڕوا دەکەیت بۆ ئەم نەورۆزە کابینەکانی دوکان بێ گەشتیارن

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

بەهۆی ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ دەکەوێتە مانگی رەمەزانەوە، کەپر و کابینە گەشتیارییەکانی قەزای دوکان بێ گەشتیارن، لە کاتێکدا ساڵانی پێشتر هەفتەیەک پێش جەژنی نەورۆز کابینە و کەپرەکان لە لایەن هاوڵاتیانەوە دەگیران.

پێشبینی دەکرێت 11ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت، بۆیە 21.3.2024 کە رۆژی چوونەدەرەوەی هاوڵاتیانە بۆ گەشت و سەیران بەبۆنەی نەورۆزەوە دەکەوێتە رەمەزانەوە.

موراد تەیب، خاوەنی یەکێک لە کەپرە گەشتیارییەکانی دوکانە، ئەو  بە 964ـی وت، “ساڵانی رابروو لە سەرەتاکانی مانگی سێ پێش هاتنی نەورۆز کەپرە گەشتیارییەکانمان پێشوەختە لە لایەن گەشتیارانەوە دەگیران، ئەمساڵ بەهۆی مانگی رەمەزانەوە تا ئەم ساتە هیچ  داواکارییەکی پێشوەختەمان نییە”.

وتیشی، “ساڵانی رابردوو نرخی کەپر بۆ یەکەم رۆژی نەورۆز لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ نرخەکەی تا ئێستا 30 هەزار دینارە و خواستیشی لەسەر نییە”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، لە سنووری قه‌زای دوكان زیاتر لە 100 شوێنی مۆڵەتپێدراو و زیاتر لە سێ هەزار كەپر و ناوچەی گەشتیاری و نزیكه‌ى هه‌شت كیلۆمه‌تر ناوچه‌ى گه‌شتیاریش له‌ كه‌نار زێى بچووك هه‌یه‌.

رێژین رەئوف، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دوکان بۆ 964 وتی، “کۆمەڵەی میوانخانەکان نرخ دیاری دەکەن چاوەڕوانین ئەوان نرخەکان دیاری بکەن  لەدوای دیاریکردنی نرخەکان لە رێگەی لیژنەیەکەوە چاودێری نرخی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین”.

“شوێنە گەشتیارییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ هاتنی گەشتیاران، بەهۆی ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ لە مانگی رەمەزاندایە پێشبینی ناکەین ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیاریەکانی سنوورەکەمان بکەن”، ئەوەش قسەی موراد تەیبە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

ئەگەر توانای پارەدانت نیە لای دایک و کوڕەکەی قەزای دوک...

ئەگەر توانای پارەدانت نیە لای دایک و کوڕەکەی قەزای دوکان بێ بەرامبەر نان بخۆ