یه‌كپارچه‌ ده‌شته‌كانى كردووه‌ته‌ به‌هار

له‌ ئێستاوه‌ گه‌نمه‌ خۆماڵییه‌كه‌ى هه‌ولێر دڵخۆشكه‌ره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئه‌و گه‌نمه‌ خۆماڵییه‌ى به‌سه‌ر جوتیارانیان دابه‌شكردووه‌ و چاندوویانه‌، له‌ ئێستاوه‌ دڵخۆشكه‌ره‌ كه‌ گه‌نمێكى پڕ و به‌ به‌ره‌كه‌ت ده‌بێت.

شه‌ش جۆر گه‌نمى خۆماڵى كه‌ بریتین له‌ ته‌رزه‌ گه‌نمه‌كانى هه‌ولێر 2، 3، 4، 8 و كۆیه‌ 4 و 18، به‌سه‌ر جوتیارانیان دابه‌شكردووه‌ و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌سه‌ره‌تاى چاندنى گه‌نمه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت به‌رهه‌مێكی باشی ده‌بێت.

عه‌بدولسه‌مه‌د مه‌حمود ساڵح به‌ڕێوه‌برى توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر به‌ 964ـى وت، تایبه‌تمه‌ندى گه‌نمه‌كه‌یان كه‌ خۆماڵییه ‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و بارانه‌ زۆره‌ى ئه‌مساڵ باریووه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ دڵخۆشی كردوون.

له‌ ده‌شته‌كانى به‌ڕانه‌تى، كۆیه‌، بیتوێن، هه‌ریر، دیبه‌گه‌ و مه‌لاقه‌ره‌، گه‌نمه‌ خۆماڵییه‌كه‌ى توێژنه‌وه‌ى هه‌ولێر سه‌ری ده‌رهێناوه‌ و یه‌كپارچه‌ ئه‌و ده‌شتانه‌ى سه‌وز كردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ ده‌ڵێت “بۆ ئه‌مساڵ شه‌ش جۆر گه‌نممان دابه‌شی سه‌ر 78 جوتیار له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر و ده‌شتى بیتوێن كردووه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌توانین كێبڕكێى ئه‌و ته‌رزه‌ گه‌نمانه‌ى پێبكه‌ین كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ى ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن”.

به‌قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ چه‌ند جۆرێك له‌و گه‌نمانه‌یان زیاتر له‌ 12 ساڵ توێژینه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌ ئینجا دابه‌شی سه‌ر جوتیارانیان كردووه‌.