"نامووس هۆکاری زۆربەیان بووە"
مانگی رابردوو نۆ ژن لە ئێران کوژراون
964+
پێشەوا محەمەد
مانگی رابردوو لە ئێران نۆ ژن کوژراون و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت، هۆکاری کوشتنی زۆرینەی حاڵەتەکان بە شەرەفەوە بەستراوەتەوە.
ئامارەکە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، حەوت لەو ژنانە لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون، کە برا، یان باوک و هاوژینەکانیان بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، چوار لەو ژنانە خنکێندراون، سێ ژن بە چەک کوژراون و ژنێک بە بەرد کوژراوە و ژنێکیش ئاگر لە جەستەی بەردراوە.
لە راگەیەندراوی ئەو رێکخراوەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 6.2.2024 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە نزیکەی 60%ـی کوشتنەکان هۆکارەکەی بە بابەتی شەرەف و کێشەی خێزانییەوە بەستراوەتەوە.
ساڵی رابردوو 122 ژنکوشتن لە ئێران تۆمار کراوە.
بەپێی بەدواداچوونی هەنگاو، پارێزگاکانی ئازەربایجان، ئیلام، فارس، گیلان و تاران ئەو پارێزگایانەن ئەو ژنانەیان تێدا کوژراوە.