بەدواداچوونی 964

مامۆستاکەی کۆیە خنکێندراوە یان خۆی خنکاندوە؟

964+

ژووری هەواڵ

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی مامۆستایەک لە سنووری قەزای کۆیە لە باخەکەی بە مردوویی دۆزرایەوە، 964 بەدواداچوونی کردووە بۆ راستی رووداوەکە.

کەسێکی نزیک لە خانەوادەی ئەو مامۆستایە بە 964ی وت، “مامۆستا (و، ع) ماوەیەکە کێشەی کۆمەڵایەتی هەبوو، خێزانی دووەمی پێکهێناوە و چەند رۆژێک لەمەوبەر دەمەقاڵێی لەگەڵ چەند کەسێک هەبووە”.

964 پەیوەندیکرد بە سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە کۆیە (نەیویست ناوی بهێنین)، ئەو دەڵێت، “کاتێک تەرمی مامۆستا لە باخەکەی دۆزراوەتەوە، ملی مۆر بووەتەوە و ئاسەواری بەستنەوە بەدەستیەوە هەبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە خنکێندراوە”.

بۆ بەدواداچوونی ورد 964 پەیوەندیکرد بە سەرچاوەیەکی تەندروستی کۆیە، ئەو وتی، “راپۆرتی پزیشکی دادی کۆیە دەریخستووە ئەو مامۆستایە بەڕێژەی %95 دەرکەوتووە خنکێندراوە”.

بەگوێرەی وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنیەی کۆیە، “کەسوکاری ئەو مامۆستایە بە ئەنجامی پزیشکی دادی کۆیە رازی نەبوونە و تەرمەکەیان بردووە بۆ پزیشکی دادی هەولێر”.

964 دەزانێت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا راپۆرتی پزیشکی دادی هەولێر دەرنەچووە.