ئاوارەکان لە هەرێم دایانکوتاوە و ناگەڕێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دوای بڕیارەکەی بەغدا بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان، هەرێم کێشەی بۆ دروست بووە و ئاوارەکان دەڵێن ناگەڕێینەوە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەفدێک بۆ ئەو مەبەستە دەنێرێتە بەغدا.
رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2022 ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکانی لە عێراق دا و رایگەیاند ئاوارەکان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە +964ـی وت “کاتێک بەغدا ئەو بڕیارەی دا راوێژی بە هەرێم نەکردووە و ئاوارەکانیش دەڵێن ناڕۆینەوە و دەمێنینەوە”.
لە هەرێمی کوردستان 15 کەمپی ئاوارە بوونیان هەیە، شەشیان لە هەولێر، چواریان لە سلێمانی و پێنجەکەی تریان لە دهۆکن و ٦٦٤ هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتووە، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش ئاوارەی هەرێم بوون.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەشڵێت؛ وەفدێک دەچێتە بەغدا گفتوگۆی ئەو پرسە دەکات “ئێستا هاوپەیمانان و حکومەتی عێراقیش هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکان ڕاگرتووە و هەرێمێش لە توانایدا نییە خەرجییان بکات.”