لەگەڵ هەفتەی پێشووتر زۆر کەمی کردووە
ماڵپەڕی شەفافیەت: داهاتی هەفتەیەک نزیکەی 11 ملیار دینارە
964+
ژووری هەواڵ
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داهاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داهاتی یەک هەفتەی بڵاوکردەوە.
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی نزیکەی 11 ملیار دینار بووە، کە زیاتر لە هەشت ملیار دیناری نەختینەیە و هەروەها زیاتر لە 2 ملیار دینار بە شێوەی چەکە، ماڵپەڕی شەفافیەت وادەڵێت.
بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی رابردوو، بڕی 10 ملیار و 910 ملیۆن و 537 هەزار و 688 دینار بووە، بە جۆرێک کە هەشت ملیار و 747 ملیۆن و 264 هەزار و 420 دیناری واتە 80% نەختینەیە.
رێژەی ٪20ـی داهاتەکە، کە دەکاتە دوو ملیار و 154 ملیۆن و 978 هەزار و 458 دینار، بە شێوەی چەکە و بڕی هەشت ملیۆن و 294 هەزار و 810 دیناریش بەشێوەی مقاسە بووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی پێشووتری سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، زیاتر لە 46 ملیار دینار بووە.