دوای سێ مانگ دواکەوتن
هەفتەی داهاتوو ژینگەپارێزانی ئاکرێ موچەکانیان وەردەگرن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوو رۆژە ژینگەپارێزانی سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان زبڵ کۆناکەنەوە و دەڵێن موچەکانمان زۆر دوا کەوتووە، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ دەڵێت، هەفتەی داهاتوو موچەکانیان دێت.
ئەوان سێ مانگە موچەکانیان دواکەوتووە، بەڵام بە سۆراغی 964 هەفتەی داهاتوو سەرجەم کارمەندانی ژینگەپارێزی سنوورەکە موچە وەردەگرن.
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، سێ مانگ زیاترە کارمەندانی ژینگەپارێزی سنوورەکە موچەیان وەرنەگرتووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کۆمپانیای MRF لە ئاکرێ هیچ بڕە پارەیەکی لە حکومەت وەرنەگرتووە، بۆیە موچەکانیان دواکەوتووە.
بەوتەی بڵند رەزا، ئەمڕۆ گرێبەستی کۆمپانیاکە بە فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ سێ ساڵ نوێکراوەتەوە، چیتر کارمەندانی ژینگەپارێز گرفتی موچەکانیان نابێت و هەفتەی داهاتوو هەموویان موچە وەردەگرن.
یاسر حیکمەت بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای MRF بە 964ی وت، “لە ئەمڕۆوە کە گرێبەستەکەمان نوێکرایەوە ئیدی کێشەی دواکەوتنی موچە نامێنێت”.
لە سنووری قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان 750 کارمەندی ژینگەپارێزی هەن، کەمترین موچەی کارمەندەکانی ژینگەپارێزی 350 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی