دارستانەکە 40 دۆنمە

دارستانێکی دەستکرد رێژەی سەوزایی رزگاری بەرزدەکاتەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ناحیەی رزگاری لە گەرمیان دارستانێکی دەستکرد لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی دروستدەکرێت و 2٪ رێژەی سەوزایی لە ناحیەکە زیاد دەکات.

لەئێستادا دەستکراوە بە دروستکردنی دارستانەکە و زەوییەکەی بۆ تەختدەکەن، بڕیاریشە نزیکەی چوار هەزار نەمام وەک بەشێک لە دارستانەکە لە ماوەیەکی نزیکدا بڕوێندرێن.

پێشبینیدەکریت لەدوای تەواوبوونی دارستانەکە و پێگەیشتنی سەوزایی و دارەکان، رێژەی سەوزایی لە ناحیەی رزگاری بکاتە زیاتر لە 9٪.

ئەمڕۆ دووشەممە 9.10.2023، ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی رزگاری بە 964ـی راگەیاند، رێکخراوێکی ئەڵمانی بیرێکی ئاوی لە شوێنەکە لێداوە و قۆناغی لێدانی دابینکردنی نەمامەکان تەواو بووە و لەئێستادا ئامێرەکانی شارەوانی کار لە پرۆژەکەدا دەکەن.

“دارەکان لەو جۆرانەن کە بۆ سێبەر بەکاردێن و بزۆری پێکهاتوون لە داری ئەلبیزا، قاوەی زینە و ناروەن”، سەرۆکی شارەوانی رزگاری وای وت.