هێرشەکەی حەماس و برنجەکەی سەیدسادق و دارەکانی هەولێر
964+
ژووری هەواڵ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیلیەکان بە دەنگی موشەک و گولـلەباران خەبەریان بووەوە، بزوتنەوەی حەماس لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا” سەدان چەکداری داخڵی شارەکانی ئیسرائیل کردووە.
تا ئێستا بە تەواوی زیانەکان دیار نین، بەڵام بەپێی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاودەبێتەوە، دەیان ئۆتۆمبێل و باڵەخانە سووتێندراون و دەیان کەسیش کوژراو و بریندار بوون.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئێستا وڵاتەکەی بە فەرمی لە جەنگدایە.
فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل پڕ بوون لەو کەسانەی هەوڵی رۆشتن و هەڵاتن دەدەن لەو جەنگەی بەڕێوەیە.
لەلایەکی دیکە، حەماس داوای لە گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین و لوبنان کردووە هاوکاریان بن و بەرەو ئیسرائیل بەڕێبکەون.
لە ئیسرائیلەوە دێینەوە بۆ سەیدسادق، لە دوو سێ رۆژی رابردوودا جۆرە برنجێک وەکو بەشەخۆراکی مانگانە دراوە بە هاوڵاتیان کە پڕیەتی لە ئەسپێ و کرم و کاڵ.
ئەو کرێکارەی بارە برنجەکانی دادەگرت ڤیدیۆکەی بۆ 964 نارد و وتی، بڵاویبکەنەوە با ئەمە نەدەن بە خەڵک.
ئێمەش تەلەفۆنمان بۆ رەزا محەمەد قایمقامی قەزای سەیدسادق کرد و پێی وتین، ” لە ئێوەوە بەم حاڵەتەم زانیوە، ئێستا لیژنەی ئابووری لە بوونی ئەو برنجە ئاگادار دەکەمەوە، ئەگەر پشتڕاست کرایەوە، تیمەکان رادەسپێرم دەستی بەسەردا بگرن”.
وتیشی، بە نوسراوی فەرمی داوا لە بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک دەکەین لە سلێمانی تا ئەو برنجەی هاتووەتە قەزاکەمان بیگەڕێننەوە.
لە سەیدسادقیشەوە بۆ هەولێر، شارەوانی هەولێر بڕیاریداوە زیاتر لە 18 هەزار دار بەسەر ماڵاندا دابەش بکات.
سەروەر وەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، بڕیارە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو رێژە دارەی ئامادەکراوە تا سەری ساڵ کۆتایی بێت، بەجۆرێک بۆ هەر ماڵێک یەک دار یان دوو داری پێدەدرێت.
ئەو دەڵێت، بڕیارەکە بە زۆرەملێ نییە، کۆڵان بە کۆڵانی ئەو گەڕەکانە دەگەڕێن کە دەستنیشان دەکرێت، هەر ماڵێک بیەوێت تا دوو داری لەبەر دەرگا بۆ دەچێندرێت، تەنانەت ئەگەر تەلەفون بۆ شارەوانی گەڕەکەکانیش بکرێت بۆیان دەبردرێت.
دارەکان لە جۆری (برەخت تەتۆنیا)ن، لەوانەن بەرگەی ساردی و گەرمی دەگرن و رێژەیەکی زۆری ئۆکسجینی هەیە.