رەوەندییەک: 20 رۆژ دوور بم لە ئاژەڵداری شێت دەبم

964+

ئاکام غەفوور

964 شەو و رۆژێک لەگەڵ رەوەندەکان لە کوێستانی چیای برادۆست مایەوە بۆ نیشاندانی ژیانیان.

رەوەندەکان لە ژیانێکی سادە و دووور لە جەنجالی دەژین، ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بە کەمی بەکاردەهێنن و تاکە خەمی ئەوان ئەوەیە ئالیکێکی باشیان دەست بکەوێت بۆ ئاژەڵەکانیان، بۆ ئەو مەبەستە ساڵانە چوار بۆ شەش جار هەواریان دەگوازنەوە.

ئاژەڵداران هەموویان پیشەکەیان لە باب و باپیریان بۆ ماوەتەوە، کەسێک لە منداڵیەوە ئاژەڵدار نەبووبێت ناتوانێت ئاژەڵداری بکات چونکە کارێکی قورسە.

مام حامید یەکێکە لە شوانکارەکان بە 964ـی وت، “ناتوانم بێ ئاژەڵداری بژیم، لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە، ئەگەر 20 رۆژ لە ئاژەڵداری داببڕێم شێت دەبم”.

ئەو باسی لەوە کرد، دوورن لە دەنگوباسی دنیا و ئاگایان لە هەواڵەکان نییە، ئەو دۆخەیشی بە “ژیانێکی خۆش” وەسف کرد.