هۆتێلێک و پارکێکی سێ نهۆمی لە سۆلاڤ دێتە دروستکردن

964+
هەژین فەتاح

دروستکردنی پارکێکی سێ نهۆمی بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل لە هاوینەهەواری سولاڤ ده‌ستیپێكردووه‌، بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی پاركه‌كه‌ش هۆتێلێك بێته‌ دروستكردن.

حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ی وت، پارکەکە سێ نهۆمه‌ و لە سەریشییه‌وه‌ هۆتێلێک دروست دەکرێت.

“ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان بۆ ناوچەکە، چونكه‌ ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە سنووری قەزای ئامێدی بە گشتیی دەکەن و بە تایبەت سەردانی هاوینەهەواری سۆلاڤ دەکەن، زۆربەی کات کێشەی مانەوەیان هەبوو و ناچار دەبوون بۆ خەوتن بگەڕێنەوە سەنتەری دهوک”، حه‌مید ئامێدی وا ده‌بێژێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک پڕۆژەکە ئه‌نجام ده‌دات، په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ کوردۆ ئیحسان بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆك، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌.
هاوینەهەواری سۆلاڤ شوێنێکی گەشتیاریە و گەشتیاری زۆر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستانیشه‌وه‌ بە تایبەتی، رووی تێدەکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا