دوا مۆڵەت دەدرێتە زێدەڕۆییەکانی سەهۆڵەکەی سلێمانی

964+

دیلان محەمەد جەزا

زێدەڕۆییەکانی شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی بەردەوامی هەیە، بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، ئەمجارە دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا بگرین نایان دەینەوە.

عوسمان عارف بەرپرسی بەشی زێدەڕۆییەکانی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، لەماوەی رابردوودا هەڵمەت بۆ لابردنی عارەبانە و دەستگێڕەکانی شەقامی سەهۆڵەکە کراوە، بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە دووبارە داینەنێنەوە.

عوسمان عارف وتیشی، ئێستا زێدەڕۆییان کردووەتەوە سەر شۆستە و شەقامەکانی ئەو ناوچەیە، ئەمجارە دەست بەسەر هەر کەلوپەلێکیاندا بگیرێت نایاندرێتەوە، پێویست بە ڕێکخستنەوەی ئەو زیادەڕەویانە دەکرێت، هەندێکیان کورسیان لەسەر شەقامەکە داناوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ.

ئێستا چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکی شارەوانین بۆ دانانی بەرنامەیەک بۆ کەمکردنەوەی عارەبانەکان و وەرگرتنی کرێ لێیان هاوشێوەی کۆشکەکان، عوسمان عارف ئەمەی وت.

بەرپرسی بەشی زێدەڕۆییەکان باسی ئەوەشی کرد، دەنگۆ هەیە دوکاندارەکان بەردەم دوکانەکانیان بە کرێ دابێت، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، گەر راست بێت ئەوا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی