به‌ پاره‌ى خێرخوازى هه‌ر جاره‌ى به‌شێكی رێگاى گونده‌كه‌یان كۆنكرێت ده‌كه‌ن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دانیشتوانی گوندی کوڕەداوێ بەشێکی تری رێگا سەختەکانی گوندەکەیان کۆنکرێت کرد، بەمەش تا ئێستا هەزار و 400 مەتریان کۆنکرێت کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 26.8.2023 دانیشتوانی گوندەکە 400 مەتری تریان کۆنکرێت کرد.

ئەنوەر تەیب فەقی سەعید، ئەندامی بنکەی رۆشنبیری گوندی کوڕەداوێ بە 964ـى راگەیاند، ئەوان بە پارەی خێرخوازان و دانیشتوانی گوند لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو کۆنکرێتەیان کردووە و بڕی 65 هەزار دۆلاریان تێدا خەرجکردووە.

وتیشی “رێگاکان کە پێویستیان بە کۆنکرێتە زۆرە، بەڵام ئێمە سەرەتا ئەو شوێنە پێویستانە دەکەین کە لە زستاناندا هاتوچۆ پێیاندا سەخت دەبێت و دواتر بە قۆناغی تر بەشەکانی تری رێگاکە دەکەین”.

کوڕەداوێ، کەوتووەتە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانیەوە، لە دوو بەش پێکهاتوە کوڕەداوێی بچوک و کوڕەداوێی گەورە. هاوینان 50 ماڵی تێدا نیشتەجێن و زستانان نیوەی ئەو ژمارەی تێدا دەمێنن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن