حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ 200 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێم هەیە

964+

فەهمی نەبی

بەگوێرەی ئەو داتایەی لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە هەرێمی کوردستان لە خانووی کرێ دەژین گەیشتووەتە 200 هەزار خێزان.

ئەمساڵ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، خەمڵاندنی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکە بێت لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، حەوت ملیۆن و 426 هەزار کەس دەژین.

راگەیاندنی ئاماری ژمارەی کرێنشینان لەلایەن حکومەتەوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرم بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەمدەرامەتان.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەواڵی دابەشکردنی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەگەڵیدا فۆرمێکی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی لینکێکەوە بڵاوکردەوە.

توانا بەشیر بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت قسەیکردووە دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە و پرۆسەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی خۆ کارانە ئەنجامدەدرێت و دەستی مرۆڤی لەگەڵ نییە.

لە رۆژی 8.8.2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ئەو لینکەی کارا کردووە، بڕیارە 90 رۆژ کراوە بێت و تا 30.11.2023 کراوە دەبێت.