رەحمی خۆی بە خوشکەکەی بەخشی

964+
بەهرە محەمەدئەمین

بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا نەشتەرگەری گواستنەوە و چاندنەوەی رەحم (منداڵدان) ئەنجامدرا.

خوشکێکی 40 ساڵە رەحمی خۆی بە خوشکە 34 ساڵەکەی داوە.

مێژووی نەشتەرگەرییەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی شوباتی 2023، لە نەخۆشخانەی چەرچڵ کراوە کە سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆردە.

دوو خوشکەکە شەش مانگە چاودێری دەکرێن

نەخۆشخانەکە دەڵێت، ئەو چەند مانگە چاوەڕێیان کردووە بزانن حاڵی دوو خوشکەکە چۆن دەبێت، هەربۆیە هەواڵی نەشتەرگەرییەکەیان لە مانگی ئاب بڵاوکردووەتەوە.

بە قسەی ئەوان، نەشتەرگەرییەکە 17 کاتژمێری خایاندووە و سەرکەوتوو بووە، ئێستا خوشکە بچوکەکە بەنیازە ئەم پاییزە بۆ یەکەمجار دووگیان ببێت.

لە ساڵی 2014 ژنێکی سوێدی یەکەمین کەس بوو بە چاندنی منداڵدان بووە خاوەنی منداڵ، رەحمی هاوڕێیەکی تەمەن 60 ساڵی خۆی بۆ چێندرابوو.

ئیزابێل کویرۆگا پزیشک و سەرپەرشتیاری تیمی نەشتەرگەریەکە وتوویەتی، “وەرگری رەحمەکە ‌هێندە خۆشحاڵە وەک بڵێی بەسەر هەورەکاندا بفڕێت، ئەو هیوادارە بتوانێت نەک یەک منداڵ بەڵکو دوو منداڵی هەبێت، منداڵدانی بە باشی کار دەکات و ئێمە لە نزیکەوە چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی دەکەین”.

خوشکە بچوکەکە رەحمی نەبووە بەڵام هێلکەدانی چالاکە

خوشکە بچوکەکە هەر بەو نەخۆشییە دەگمەنەوە لەدایکبووە کە منداڵدانی گرفتی گەورەی هەبووە، بەڵام هێلکەدانی چالاکە.

خوشکە گەورەکە دوو منداڵی هەیە و ئیتر بە نیاز نییە منداڵی تر بخاتەوە.

لە 2014ـەوە تا ئێستا، 100 حاڵەتی چاندنی منداڵدان لە سەرتاسەری دنیا ئەنجامدراوە و نزیکەی 50 منداڵ کە زۆرینەیان لە ئەمریکا، سوێد، هەروەها لە تورکیا، بەڕازیل، چین، چیک، ئەڵمانیا و فەڕەنسان، لەدایکبوون.