عێراق بۆ تورکیا: جارێ با دۆستەکانیان بە پەکەکە بڵێن تیرۆریست ئینجا وەرن ئێخەی ئێمە بگرن
964+
ژووری هەواڵ
تائێستا عێراق بە داواکەی تورکیا رازی نەبووە بەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک گروپێکی تیرۆریست بناسێنێت و کەسە نزیکەکانی سەرەک وەزیران دەڵێن هێشتا تورکیا نەیتوانیوە ناتۆ بەوە قایل بکات، بۆیە ناکرێ ئەو داوایەی لە عێراق هەبێت.
سەبهان مولا جیاد، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت داواکارییەی تورکیا لە عێراق سەبارەت بە پەکەکە ناڕەوەیەو زۆر بەرزە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە عێراق کردووە ئاسایشی تورکیا بپارێزێت و پارتی کرێکارانی کوردستان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، بەڵام عێراق نەهاتووەتە ژێر باری ئەم داوایە.
سەبهان دەڵێت: تورکیا بەشێکە لە ناتۆ و لە رووی سەربازی و سیاسییەوە هاوپەیمانن، ناتۆ ئامادە نەبووە پەکەکە وەک تیرۆریست بناسێنێت، بگرە دەرگای پەنابەری بۆ ئەندامانی پەکەکە کردووەتەوە.
راوێژکارەکەی سودانی ئەوە بیر تورکیا دەهێنێتەوە کە ئەوان خۆیان هۆکاربوون لە ناردنی پەکەکە بۆ خاکی عێراق، بۆیە ناکرێت ئێستا لۆمەی عێراق بکەن، دەڵێت ”کاتی خۆی رێکەوتنێک هەبووە لە نێوان تورکیاو عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەوەی ئامادە نەبێت چەک دابنێت دەبێ بچێتە خاکی عێراقەوە، بۆیە چەکدارانی پەکەکە بەبێ رەزامەندی هاتنە دیوی عێراقەوەو ئەوکاتە حکومەتی عێراقی لای ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵاشی کرد”.