کەرکوک.. فەرمانبەرانی گرێبەست بایکۆتیان راگەیاند
+964
کاروان ساڵحی – کەرکوک
فەرمانبەرانی گرێبەستی زانکۆی کەرکوک، بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. دەڵێن؛ پێنج ساڵە دەستی دەستیمان پێ دەکرێت، بۆیە دەمانەوێت بچینە بەغداو تا نەکرێین بە هەمیشەیی ناگەڕێینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی یەکەم، فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆلیژە جیاوازەکانی زانکۆی کەرکوک، لەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان نیشانداو، بایکۆتی دەوامیان راگەیاند.
سەرمەد موختار، نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست بە +964ـی وت؛ پێنج ساڵە ئێمە چاوەڕێ ئەوەین بکرێین بە هەمیشەیی، بەڵام دەستی دەستیمان پێ دەکرێت.
پەیامنێری +964 لەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک رووماڵی ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی ناڕازی دەکرد، زانیاری ئەوەی لێیان وەرگرتووە کە ژمارەی فەرمانبەرانی ناڕازی، هەزارو ٢٦٦ فەرمانبەرە، ئەوان دەیانەوێت بەمەبەستی بە هەمیشەیی کردنیان بچنە بەغدا، دەڵێن؛ تا بڕیارەکەیان بۆ نەدرێت ناچنەوە کۆلێژەکانیان.
نوێنەری فەرمانبەرانی ناڕازی دەشڵێت؛ ئێستا لە ئامادەکاری داین بۆ ئەوەی بچینە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بەغدا، “هەتا نەکرێین بە هەمیشەیی ناگەڕێینەوە کۆلێژەکانمان و دەوام ناکەین.”
سەرچاوەیەک لە زانکۆی کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ +964ـی روون کردەوە، وەک زانکۆ پشتگیریی ئەو فەرمانبەرانە دەکەن، چونکە بە دەوام نەکردنیان بۆشاییەکی گەورە دروست دەکەن، “سەرۆکی زانکۆش بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.”