گەندەڵییەکی دیکەی پارێزگاری سەلاحەدین ئاشکرا دەبێت

دوو ملیار دیناری بۆ پڕۆژەیەکی وەهمی خەرج کردووە

+964

دیسکی عەرەبی

دەستەی دەسپاکی عێراقی، گەندەڵییەکی دیکەی پارێزگاری پێشووی سەلاحەدینی ئاشکرا دەکات و دەڵێ؛ دوو ملیار دیناری بە ناوی پڕۆژەیەکی کارەبا خەرج کردووە کە بوونی نیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی یەکەم، دەستەی دەسپاکی حکومەتی فیدراڵی ئاشکرایکرد، عەمار جابر، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دوو ملیار دینار بۆ پرۆژەیەکی کارەبا داوە، بەڵام دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو پڕۆژەیە بوونی نیە.

دەستەی دەسپاکی، لە بەیاننامەیەکدا کە دەست +964 کەوتووە، دەڵێ: تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەلاحەدین، توانیویانە دەستیان بگات بە یەکەم نوسراوی مامەڵەی خەرجکردنی ئەو دوو ملیار دینارە.

“دوو ملیارەکە بۆ دابینکردنی کەرەستەی هێڵی کارەبای (400kv) بووە، کە لەلایەن پارێزگاوە دەرکراوە، بەڵام پرۆسەی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پڕۆژەیەکی وەهمی بووە کە لەسەر زەوی بوونی نەبووە”. دەستەی دەسپاکی وادەڵێت، ئەوەش هاتووە لە بەیاننامەکەدا کە کۆی تێچووی پڕۆژەکە کە خۆی لە نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی دامەزراوە کارەباییەکان و پاککردنەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە دەبینێتەوە، چوار ملیار دیناوەو لەلایەن لیژنەی جێبەجێکردنەوە بەشێوەی راستەوخۆ جێبەجێکراوە.

 دەستەی دەسپاکی دەڵێ؛ دوای لێکۆڵینەوە، سەلمێندراوە کە پارەکە بۆ پڕۆژەکە خەرج نەکراوەو، ئەو پڕۆژەیە تەنیا لەسەر کاغەز بوونی هەیە.