هیوای منداڵە نابەکامەکان نۆژەنکرایەوە
+964
شۆڕش عەبدولستار
بەشی منداڵە نابەکامەکانی ناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر، نۆژەنکرایەوە. وەزیری تەندروستی دەڵێ؛ لێرە هیوا بۆ دایک و باوکان دەگەڕێندرێتەوەو لەماوەی کاتژمێرێکدا منداڵە نابەکامەکان چارەسەر وەردەگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی یەکەم، دوای نۆژەنکردنەوەی، بەشی منداڵە نابەکامەکان لەناو نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر، بەڕووی منداڵانی ناکام کرایەوە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ کردنەوەی بەشی منداڵە نابەکامەکان، قۆناغی چارەسەرە دوای لەدایکبوون، هیوایەکی گەورە بۆ دایک و باوکان دەگەڕێنێتەوە، دوای “یەک کاتژمێر منداڵ چارەسەر وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە ژیان”.
پەیامنێری +964 لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی وەزیری تەندروستی بوو، دەڵێ؛ نۆژەنکردنەوەکە لەسەر لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بودجەی بۆ دابینکراوە، رێکخراوی هیڤی جێبەجێی کردووەو وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتی کردوو، هۆڵەکەش جێگەی ٩٢ منداڵی نابەکامی تێدا دەبێتەوە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، زیاتر وتیشی “پڕۆژەی پۆلینکردنی منداڵ، پڕۆژەیەکی جیهانییەو، پێش ئەوەی منداڵ لەدایک ببێت پێشبینییەکان دەخاتەڕوو”.
هەر ئەمڕۆ، بەشی پێشوازی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، دوای نۆژەنکردنەوەی بە فەرمی بەڕووی نەخۆش کرایەوە، کە پێشتر جێگەی پێشوازی بۆ ٢٢ نەخۆش هەبوو، بەڵام ئێستا جێگەی ٤٠ نەخۆشی هەیە.
سامان بەرزنجی، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بەشی فریاکەوتنی رۆژهەڵات وتی “دوای نۆژەنکردنەوەی ئەم بەشە ، فشار لەسەر بەشەکانی تر کەم دەبێتەوە، بەجۆرێک پۆلینی نەخۆشەکان دەکرێت و، ئەوانەی حالەتی زۆر مەترسیدارن لەوانەی دیکە جیا دەکرێنەوە”.
زانیاری ئەوە بە +964 دراوە کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی بەشی پێشوازی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، بە هۆڵە کۆنەکەشی،٣١٤ هەزار دۆلار بووە کە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بووە.